دەیان هێکتار لە دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی لە ئاگردا بوون بە خۆڵەمێش

11:41 - 26 رەزبەر 2720

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەر، دارستانەکانی شاخی "دەڕنە و دۆڵیـ"ـی شاری سەلاسی باوەجانی ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

دانیشتووانی ئەو ناوچەیە داوایان لە هاووڵاتییان کردبوو کە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەهانایانەوە بچن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "شوێنی ئاگرکە زۆر سەختە و ڕووبەرێکی زۆری گرتووەتەوە. داوامان لە هەموو خەڵکی ناوچەکە کردووە کە بە هانای سروشتی نیشتمانەوە بچن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "چەند تیمێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگە و پارێزەرانی ژینگەی زاگرۆس، هەتا درەنگانی شەو خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرکە بوون".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "دەوترێت کە حکوومەتی ئێران بە بیانووی بوونی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ئەو شوێنەی ئاگر تێبەر دابێت".

لەو ئاگرتێبەردانەدا دەیان هێکتار لەو دارستانانە سووتاون.