دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانە رەشماڵییەکانی ئیلام + وێنــە

15:01 - 3 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ هەزارو شەشسەد و سێ و حەوت قوتابی کچ و کوڕ لە ئوستانی ئیلام ساڵی نوێی خوێندنیان دەست پێکـرد.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢ی مانگی رەزبەر لە ناوچەی دینارکێو کەلە ٥٠ کیلۆمیتریی شاری ئابدانان هەڵکەوتووە، قوتابخانەیەکی گەڕۆک(سیار) بۆ ٩ قوتابیی کچ و کوڕی کورد کرایەوە.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لەزاری بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی ئابدانانەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەمساڵ ٢٣ قوتابیی عەشایەر لە ٧ قوتابخانەی رەشماڵی و ٥ کانێکسدا ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکەن.

فەرماندار و بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی ئابدانان لەکاتێکدا ئامادەی رێوڕەسمی کرانەوەی ئەو قوتابخانەیە دەبن کە پێشتر بەرپرسی بەشی پەروەردەی عەشایەر ئیدارەی گشتیی پەروەردەی ئوستانی ئیلام رایگەیاندبوو کە ٢٦٣٧ قوتابیی کوڕ و کچ لە ١٧١ رەشماڵ و کانێکسدا سەرقاڵی خوێندنن.

نووربەخش ئیلاهی لە وتوێژێکدا لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان باسی لە کێشەی مامۆستای ئەو قوتابخانانە کردووە و رایگەیاندووە؛ هەڵکەوتەی شاخاویی ناوچەکە، کێشەی هاتووچۆ، نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان و شوێنی مانەوە و دووری لە بنەماڵە\" ئەو گرفتانەن کە بەرەوڕووی مامۆستاکان دەبنەوە.

یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی \"ئۆسوە\" لە دینارکێو کە بڕوانامەی کارناسیی باڵای پەروەردەی هەیە دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانم لە قوتابخانەکانی نێوشار وانە بڵێمەوە، پەروەردەی منداڵانی عەشایەریم وەک ئەرکی خۆم زانیوە و هەتا ئیستا ماوەی ٥ ساڵە وانە بە قوتابیانی عەشایەری دەڵێمەوە.

بەوتەی هێمەت ئۆلفەتی، کارناسی باڵای کۆمەڵناسی لە ئوستانی ئیلام، عەشایەر و زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی ئیلام بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە تەنیا دەتوانن قۆناغی سەرەتایی خوێندن تەواو بکەن و ئیمکاناتی حکوومەتیش تەنیا ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە پێوەرێکی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە.

ژومارەی قوتابیانی عەشایەریی ساڵی نوێی خوێندن لەوڵاتی ئێران، لە نێوان ١٧٠ هەتا ١٧٥ هەزار کەس دایە کە ٤٦ لەسەدی ئەو رێژەیە لە کچان و ٥٤ لەسەدیش لە کوڕان پێکهاتووە.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەچاو ئوستانەکانی دیکە زۆرترین رێژەی قوتابیانی عەشایەریی وڵاتی ئێرانی لەخۆ گرتووە.
\"15621.jpg\"

\"15623.jpg\"

\"15620.jpg\"

\"15616.jpg\"

\"15617.jpg\"

\"15618.jpg\"

\"15619.jpg\"