دەستبەسەر کرانی ١٠ کۆڵبەر لە ناوچەی سەوڵاوا + وێنـــه

17:36 - 15 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای کرانەوەی خاڵی سنووریی شاری سەوڵاوا، ١٠ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلایەن ‌هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو سنوورە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لە ئەنجامی هێرشی هێزە نیزامییەکان بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە خاڵی سنووریی شاری سەوڵاوا بۆ هەرێمی کوردستان، ١٠ کۆڵبەری کوردی خەڵکی گوندەکانی \"دەرەکێ و دەمەیەو\" لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانە کران.

هەواڵنێـری کوردپا ناوی ٨ کەس لەو کۆڵبەرانەی \"مەلا سەلمان محەمەدیان کوڕی سەلام، موئمێن عەباسی کوڕی ئەمین، عادڵ حەسەنی کوڕی عەزیز، سەلام قادرنژاد کوڕی قاسم، ئەسحەن مەحموودی کوڕی سوبحان، نزار مەحموودی کوڕی جەماڵ، کاروان کوڕی کامیل و هەروەها کەسێکی دیکەش بەناوی بایزید\" راگەیاندووە.

\"14407.jpg\"
مەلا سەلمان محەمەدیان،ئەسحەن مەحموودی
دەگوترێت ئەو کۆڵبەرە کوردانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دراونەتە بەر لێدان و هەروەها کۆڵەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو ١٠ کۆڵبەرە کوردە لە دەستبەسەریی ‌هێــزە نیــزامییەکانی حکوومەتی ئسیلامیی ئێـراندا ماونەتەوە.

دەگوترێت ئەو سنوورە کەلە چەند مانگ پێش ئێستاوە لەلایەن ‌هێـزە ئینتزامییەکانەوە داخرابوو، حەفتەیەک پێش ئیستا کرابوویەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا ١٣٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە خاڵی سنووریی شاری \"خۆی\" بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.