دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت

22:52 - 25 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ٣ رۆژ لیپرسینەوە ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی٢١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی سەردەشتی بەناوی \" ئیبراهیم جەنەتیان\" لەلایەن ‌هێـــزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەستبەسەر و پاش ٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

\"ئیبراهیم جەنەتیان\" پاش بانگهێشت کران و خۆ ناساندن بەو ئیدارەیە بەبیانووی هاوکاری کردنی زاواکەی بەناوی سلێمان خزری دەستبەسەر و بۆماوەی ٣ رۆژ لەژێر لێپرسینەوەدا بوو.

سلێمان خزری کە پێشتر وەک هەواڵنێر لە \"ناوەندی دەنگ و رەنگ\"ی ورمێ کاری دەکرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بۆ ماوەی ٣ رۆژ سەبارەت بەوەی کە من چەند رۆژ لە ماڵی ئەواندا میوان بووم لێپرسینەوەیان لێکردووە.

سلێمان خزری کە بەهۆی فشاری هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆی بەجێهێشت، ئەوەشی خستەروو هێزە ئیتلاعاتییەکان بە باوکی هاوسەرەکەمیان راگەیاندووە کە دەبێ هەموو رۆژێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێت.

\"سلێمان خزری\" دیکیۆمێنت سازی کورد بەهۆی ئەوە کە لەبارەی کوژرانی کۆڵبەران و ژیانی کاسبکارانی سەر سنوور سەرقاڵی دروست کردنی فیلمی دیکیۆمێنتی بووە، بەرەوڕووی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆتەوە کە هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکی خۆی بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵاتی خۆی کردووە.