دەرکران لە خوێندنگە، خۆکوژیی کچێکی مەهابادی لێکەوتەوە

14:54 - 11 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی مەهابادی دوابەدوای ئەوەی لە خوێندنگە دەرکرا، هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ، لەیەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری مەهاباد کچە خوێندکارێک بەناوی \"ژاڵە\" پاش ئەوەی بەرەوڕووی دەرکران لە خوێندنگە بوویەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە خوێندکارەی خوێندنگەی دواناوەندیی \"فەرزانگان\"ی شاری مەهاباد بەهۆی ئەوەی کە کتێبێکی سەبارەت بە ژیان هاوبەش (ژن و مێردایەتی) پێ بووە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو خوێندگەیەوە بەرەوڕووی دەرکران بۆتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ بەرپرسانی خوێندنگەی \"فەرزانەگان\" بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارەیان سەبارەت بە پێ بوونی ئەو کتێبە ئاگادار کردۆتەوە و لە ئەنجامدا ژاڵە بەهۆی زەخت و فشاری دەروونییەوە، هەوڵی خۆکوژیی داوە.

هەتا ئێستا چۆنیەتیی خۆکوشتنی ئەو کچە خوێندکارەی خەڵکی مەهاباد بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نەگەیشتووە.

دەرکرانی ئەو کچە خوێندکارە لە خوێندنگە و خوکوژیی ناوبراو لەحاڵێک دایە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لێپرسراوانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، باسیان لە پەروەردە و بارهێنانی قوتابیانی قۆناغی دواناوەندی لە پەیوەندی لەگەڵ ژیانی هاوبەشدا کردبوو.