دۆسیەی كۆمەڵكوژییەكەی شرناخ رەوانەی دادگای لاهە دەكرێت

19:26 - 8 رێبەندان 2711
كوردپا: پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی سكاڵایەكی بە مەبەستی بە دواداچوون بە كوژرانی بە كۆمەلی هاووڵاتییانی شرناخ پێشكەش بە دادگای نێودەوڵەتی تاوان لە هولەند كرد.

ماڵپەڕی تودەی زەمان، لەزاری حەسیپ كاپڵان، جێگری فراكسیۆنی BDP لە پارلەمانی توركیە بڵاوی كردەوە، سكاڵایەكیان لەسەر رەزامەندیی بەرپرسی ئەو پارتە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە كوژرانی 35 هاووڵاتیی گوندی رۆبۆسكی لە ناوچەی شرناخ لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەرتشی توركیەوە رەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان كردووە.

كاپڵان وتیشی: وێنە، گرتەی ویدیۆیی و هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو بەڵگەنامە پێشكەش بەو دادگایە لە هولەند كراوە.

لەلایەكی دیكەوە سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆكی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی، سەرۆك وەزیری توركیەی بە بەرپرسیاری سەرەكیی بۆردومانی هاووڵاتییانی كوردی شرناخ تاوانبار كردووە.

دەمیرتاش ئاشكراشی كردووە، هەتا ئێستا زیاتر لە یەك مانگ بەسەر ئەو كارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام حكوومەتی توركیە لە دانی زانیاریی درووست لە چۆنیەتیی رووداوەكە خۆی دەبوێرێ‌.