دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیاری دوورخرانەوەی خوێندکارێکی مەریوانی

16:23 - 30 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دژایەتی لەگەڵ گەڕانەوەی چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە زانکۆی پەیام نووری شاری سنەوە بۆ زانکۆی پەیام نووری مەریوان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ \"دانا لەنجاوایی\" چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان کە ساڵی رابردوو بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری سنە دوور خرابوویەوە، سەرەڕای هەوڵی نوێنەری خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیسی ئێران لەمەڕ گەڕانەوەی ئەو خوێندکارە کوردە بۆ زانکۆی مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی دژایەتی بوویەوە.

ئەو خوێندکارەی تێرمی کۆتایی رشتەی ئابووریی کشتوکاڵی زانکۆی پەیام نوور، چوار مانگ پێش ئێستا لە نامەیەکدا داوای لە \"ئومید کەریمیان\" نوێنەری خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیسی ئێران کردبوو کە حوکمی دوور خرانەوەی بۆ زانکۆی پەیام نووری شاری سنە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات دژایەتی لەگەڵ داوای ئەو نوێنەرە کوردە کردووە.

دانا لەنجاوایی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شەوی پێنج شەممەی رابردوو ئومید کەریمیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندم؛ \" بە داخەوە لەگەڵ گەڕانەوەی ئێوە بۆ زانکۆی پەیام نووری مەریوان دژایەتی کراوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە هەتا لەسەر چالاکییەکانی خۆی بەردەوامە\".

دانا لەنجاوایی باسی لەوەش کرد، چالاکییەکانی من \" داوای خوێندن بە زمانی زگماکی، مەحکووم کردنی کیمیابارنی شاری هەڵەبجە، بەرز راگرتنی رۆژی خوێندکار، مەحکووم کردنی نابەرپرسیارەتی لەمەڕ سووتانی ژینگە و دارستانەکان و چالاکیی ئەدەبی بووە، ئەمانە چ دژایەتییەکیان لەگەڵ خوێندنی من لە زانکۆی مەریوان هەیە، بۆیە ئەگەر بشمرم دەستیان لێ هەڵناگرم\".