دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی كورد بەبێ‌بەشداریی نوێنەرانی ژنانی كوردستانی ئێران دەستی پێكرد

20:43 - 2 جۆزەردان 2712
كوردپا: دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی كورد لە كاتێكدا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد كە لەلایەن نوێنەرانی ٨ رێکخراوی ژنانی كوردستانی ئێرانەوە بایكوت كراوە و لە بەشداری كردن خۆیان بواردووە.

بەپێی هەواڵەكان ئەمڕۆ سێشەممە رێكەوتی 1ی جۆزەردان دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی كورد، بە ئامادەبوونی ژنانی هەرێمی كوردستان، كوردستانی توركیە و سووریە و دەرەوەی وڵات لە شاری هەولێر بەبێ‌ئامادە بوونی نوێنەرانی رێكخراوەكانی سەر بە ژنانی كوردستانی ئێران دەستی بە كارەكانی كرد.
\"4624.jpg\"
ناهید حوسێنی یەكێك لە چالاکانی بواری مافەكانی ژنان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەمەڕ هۆكاری بەشداری نەكردنی نوێنەرانی ژنانی كوردستانی ئێران، وتی: \"سەرەتا حەز دەكەم ئەوە بۆ هەموو لایەك روون بكەمەوە كە ئێمە سەرەتا نەماندەویست لەو كۆنفرانسەدا بەشدار نەبین و هەموو هەوڵێكی خۆشمان دا كە بتوانین لە كۆنفرانسەكەدا بەشداری بكەین، لەبەر ئەوەی كە كۆنفرانسەكە بەلای ئێمەشەوە بایەخ و پێگەی خۆی هەبوو، بەڵام بەداخەوە وەك لە سەرەتای كارەكەوە بۆ ئێمە دەركەوت، ئەو جۆرەی كە پێویست بوو سەنگ و قورسایی كوردستانی ئێران لەبەرچاو نەگیرابوو و هەروەها هیچ راوێژێك لەگەڵ هیچكام لەلایەن و نوێنەرانی كوردستانی ئێران نەكرابوو. لە دەرەوەی ئیرادەی ژنانی كوردستانی ئێران نوێنەریان بۆ دیاری كرابوو، بەبێ‌ئەوەی كە پرسێكیان پێ‌بكرێت\".

ناهید حوسێنی هۆكارەكەی زیاتر روون كردەوە و رایگەیاند: \"ئێمە ویستمان بەسەر ئەو كێشەیەشدا زاڵ بین و هێندێ‌دانیشتن و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لێژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس و بەتایبەت دوو ئەندام پارلەمان وەكوو: ئامینە زەكری و ئاشتی عەزیز، پێكهێنا و داواكارییەكانی خۆمان هێنایە گۆڕێ‌\".

هەروەها ئەو چالاکەی مافەکانی ژنان وتیشی: \"ئێمە نوێنەرانی 8 رێكخراوی ژنانی كوردستانی ئێران بووین پێكەوە هاودەنگییەكمان ساز كرد بۆ ئەوەی كە بە سەنگ و پێگەیەكی شایستەی كوردستانی ئێرانەوە لەو كۆنفرانسەدا ئامادە بین و هێندێ‌ داواكاریمان خستە بەردەم لێژنەی سەرەكیی كۆمیتەی ئامادەكار، لەبەر ئەوەی كە پێمان وابوو ئەو داواكارییانە مافی خۆمانە، هەرچەند ئێمە لەو باوەڕە داین ئەو داواكارییانەی ئێمە، بەشێكی بچووكی داواكارییەكانن، بەڵام بەداخەوە وەڵامێكی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بە داواكارییەكانمان نەدرایەوە كە خۆمان لەو كۆنفرانسەدا ببینینەوە\".

ناهید حوسێنی ئەوە رەت دەكاتەوە كە نوێنەرانی ئەو هەشت رێكخراوەی ژنانی كوردستانی ئێران هیچ پڕۆتۆكۆلێكیان لەمەڕ رەزامەندییان بۆ بەشداریی كۆنفرانس واژۆ كردبێت.

لەلایەكی دیكەشەوە ئامینە زكری یەكێك لە ئەندامانی لێژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر رایگەیاندووە: \" ئەو 8 رێكخراوەی كوردستانی ئێران كە بایكۆتی كۆنفرانسیان كردووە، ئێمە لەگەڵیان دانیشتین بۆ ئەوەی گوێ لە داخوازییەكانیان بگرین و دواتر هەموو داخوازییەكانیان جێبەجێ كران، دانیشتنێكی دیكەمان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو 8رێكخراوەی دیكە بكەین كە بایكۆتی كۆنفرانسەكەیان كردووە و هێندێك داواكاریی دیكەیان خستە ‌ڕوو، ئەوانیش جێبەجێ كران.\"

ئامینە زكری راشیگەیاندووە: \"هێشتایش هەر بایكۆتی خۆیان راگەیاندووە و داواكارییەكانیان روون و ئاشكرا نین، هەرچەندە تاكو ئێستایش گفتوگۆ لەگەڵیان بەردەوامە.\"

سەبارەت بە داواكارییەكان ئەو ئەندامەی لێژنەی ئامادەكاری روونی كردەووە: \"یەكێك لە داواکاریەکانیان ئەوە بوو كە ژمارەی نوێنەرەكانیان لە 24كەس بۆ 25كەس بەرز بكرێتەوە كە ئەنجام درا و ئێستا لە جیاتی یەك نوێنەر سێ نوێنەریشیان لە كۆمیتەی ئامادەكاری دایە.

لەم بارەوە ناهید حوسێنی، ئەوەشی خستەڕوو \"كە ئێمە داوای 25 نوێنەر بۆ بەشداری لە كۆنفرانس و 3 نوێنەر لە لێژنەی ئامادەكاری و هەروەها پەیامی تایبەتی ژنانی كوردستانی ئێرانمان كردبوو، ناوبراو وتیشی: لەلایەكی دیكەشەوە هاوكات لەگەڵ زیاد كردنی نوێنەرانی ژنانی رێكخراوەكانی كوردستانی ئێران، نوێنەرانی بەشەكانی دیكەشیان زیاد كران و دەیانەویست سێ‌رێكخراوی دیكە بخەنە سەر پشكی نوێنەرانی ژنانی كوردستانی ئێران\".

خانمی حوسێنی ئەوەشی رەت كردەوە كە \"دوو كەس لەو سێ‌نوێنەرەی كە بەناوی نوێنەرانی ژنانی كوردستانی ئێران لە لێژنەی ئامادەكاری دان، بەبێ‌پرس و ئیرادەی ژنانی ئەو هەشت رێكخراوە دیاری كراون و ئێمە بە نوێنەریان نازانین\".

\"4623.jpg\"
وێنە: سایتی سبەی
ئەو چالاكەی مافەكانی ژنان یەكێكی دیكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەشداری نەكردنی نوێنەرانی ژنانی كوردستانی ئێرانی گەڕاندەوە بۆ\"ناڕوونی ناوەرۆكی كۆنفرانس، یانی هەتا حەفتەیەك پێش بەڕێوە چوونی كۆنفرانس هیچ لایەنێك ئاگاردار نەبوون كە تەوەرە و باسەكانی ناو كۆنفرانس بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن و بۆمان دیار نەبوو كەلە چەند پانێلدا ئەتوانین بەشدار بێن، بۆیە ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ئێمە بەشداری ئەو كۆنفرانسە نەبووین\".

دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی كورد كە بڕیاری سێ‌رۆژ بخایەنێت، 204 نوێنەر تێیدا بەشدارن و چەندین كەسایەتیی ژن وەكوو: لەیلا زانا، ئەندام پارلەمانی كورد لە پارلەمانی توركیە و گولستان پەروەر، گۆرانی‌بێژ ئامادەی بوون.

یەکەمین کۆنفرانسی نەتەویی ژنانی کورد ساڵی ١٣٩٠ لە ساری ئامەد لە کوردستانی تورکیە بەڕیوە چوو.

دووەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی کورد بە بەشداریی نوێنەرانی هەر چوار بەشی کوردستان رۆژانی ٢٤ هەتا ٢٧ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

وێنە: سایتی بەیان