دووکاندارانی مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانیان گرتووە

17:55 - 29 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دووکانداران و بازاڕییانی مەریوان لەهەمبەر کوژران و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە، مانیان گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، دووکانداران و بازاڕییانی مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین و مەحکوومکردنی کوژران و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو شارە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دووکانەکانیان داخستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە بارودۆخی هەنووکەیی مەریوان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران و لیباس شەخسییەکان لە شوێنە گشتییەکان و ئاستی شاری مەریوان بڵاوەیان پێکراوە و دۆخێکی نیزامی باڵی بەسەر ئەو شارەدا کێشاوە".

ئەو سەرچاوەی کوردپا هەروەها دەڵێت، سپای پاسداران بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خەڵک و ترساندنی خەڵکی ئەو شارە لە ترسی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە شاری بانەوە ئەندامانی خۆجێیی سپای پاسدارانیان هێناوەتە مەریوان.

بە وتەی سەرچاوەی باوەڕپێکراوی کوردپا، لە پێش دووکانەکانی مەریواندا، دوو هەتا سێ مەئموور و لیباس شەخسی دانراوە.