دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی نەوسوود و مەریوان کوژرا و بریندار بوون

10:54 - 18 خەرمانان 2721

شەوی سێشەممە ١٦ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "حوسێن سەلکانی"، خەڵکی گوندی "شوانکارە" سەر بە ڕوانسەر، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی سنووری نەوسوود، بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە بەهۆی ئەوەیکە لەو ڕووداوەدا سەری بە قورسی بریندار بووە، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانان، ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "سیروان گوڵزاری"، خەڵکی گوندی "جەژنی ئاوا" سەر بە مەریوان لە ئەنجامی تەقەی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارەوە گیانی لەدەست داوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی ڕاستەوخۆیان لەو کۆڵبەرە و ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران کردووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕەوانەی ئیدارەی پزیشکیی یاسایی مەریوان کراوە.