دوو چالاکی کرێکاریی کورد، لەشاری بانە بێسەروشوێن بوون

14:56 - 24 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شارەکانی سنە و کامیاران دوای گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خاکی ئێران، بێسەروشوێنن و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان نییە.

ئەفشین نەدیمی خەڵکی شاری کامیاران و مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاودەنگی کە ماوەیەک لەمەوبەر بەمەبەستی کرێکاری روویان لەهەرێمی کوردستان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران لەناوچە سنوورییەکانی بانە بێ‌سەروشوێن کراون.

یەکێک لە ماڵپەڕە کرێکارییەکان بڵاوی کردۆتەوە، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە دوای ئەوەی‌ کە گەڕاونەتەوە خاکی ئێران لەرێگای تەلەفوونەوە هاوڕێیەکەی خۆیان ئاگادار کردۆتەوە و دوای ئەو پێوەندییە بێ‌سەر و شوێن بوون.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا ئەفشین نەدیمی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری کامیاران دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە لەرەشەممەی ساڵی ١٣٨٠شدا لەلایەن دادگای شاری کامیارانەوە بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٤ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

مێهرداد سەبووری و ئەفشین نەدیمی ماوەی شەش رۆژە بێ‌سەر و شوێنن و ئەوەش نیگەرانی لای بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە دروست کردووە.