دوو چالاکی کرێکاریی دەستبەسەر کراو بۆ ئیتلاعاتی کامیاران راگوێزران

20:52 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژسنی کوردپا: دوو چالاکای کرێکاریی کورد کە لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران راگوێزران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەفشین نەدیمی خەڵکی شاری کامیاران و مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی پاش ٩ رۆژ دەستبەسەر کران، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر بۆ ئیتلاعاتی کامیاران گوازرانەوە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە ماوەیەک لەمەوبەر بەمەبەستی کرێکاری روویان لەهەرێمی کوردستان کردبوو، دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران، لە یەکێک لە خاڵە سنوورییەکانی بانە دەستبەسەر کران.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا ئەفشین نەدیمی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری کامیاران دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە رەشەممەی ساڵی ١٣٨٠شدا لەلایەن دادگای شاری کامیارانەوە بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٤ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە کوردە، نەزانراوە.