دوو هاووڵاتیی کورد لە سنە دەسبەسەر کران
12:07 - 9 بەفرانبار 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، پاش دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سامان میرەکی و لوقمان فیزی"، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "حەسەن ئاوا"، دەسبەسەر کراون.
ئەو دوو هاووڵاتییە سنەییە، پاش دەسبەسەرکرانیان، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. "سامان میرەکی" کرێکاری بیناسازییە و کرێکارێکی وەرزییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.