دوو هاووڵاتیی کورد بە ١٤ ساڵ زیندان مەحکووم کران

11:27 - 16 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "نەوید محەممەدی" و "خالید محەممەدی" خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ دادگای کەیفەریی ٢ی ئەو شارە، سەرجەم بە ١٤ ساڵ زیندانیی مەحکووم کران.

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری پیرانشار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ وڵاتانی (متخاصم) دوژمن" تاوانبار و هەر کامەیان بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە پیرانشارییە، ناوەڕاستی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری پیرانشار کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش لێپرسینەوەکەیان، بۆ زیندانی نەغەدە و هەنووکە لە زیندانی ئەو شارە دان.

نەوید محەممەدی، هەواڵنێری دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێرانە و خالید محەممەدی یەکێک لە نزیکانی نەوید محەممەدییە.