دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران

11:39 - 24 خەرمانان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەریف ئەمینی" کوڕی "ئەحمەد"، خەڵکی گوندی "شوێـ"ـی بانە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەریدا، لە گرتنی پارێزەر بێبەری کراوە".

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، لاوێکی شنۆیی بە ناوی "یوونس خزری" کوڕی "مستەفا"، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "پووش ئاوێـ"ـی ئەو شارە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

مانگی گەلاوێژ ئەو لاوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرابوو.