دوو هاووڵاتیی کورد بە تەقەی چەکدارانی سپای پاسداران بوونە قوربانی

13:25 - 11 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دەوروبەری شاری خۆی لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەجاددەی نزیک گوندی \"چاوش قولی\"ی سەربەو شارە، لەلایەن چەکدارانی سپای پاسدارانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارن دوو هاووڵاتیی کوردیان بەناوەکانی \"میرزا قوربانی و هەژدەر قوربانی\" کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی \"کەوتەری\" ناوچەی \"کۆتۆل\"ی سەربە شاری خۆی، بریندار کرد.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کە برای یەکتر بوون، لەکاتێکدا دراونەتە بەر دەستڕێژی چەکی هێزەکانی سپای پاسداران کە هەڵگری هیچ جۆرە کەلووپەلێک نەبوون و لە رێگەی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوەدا بوون.

دەگوترێت کە هێزەکانی سپای پاسداران تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە کە ماشێنی \"نەیسان\"ی ئەو دوو هاووڵاتییەش بەهۆی برینداربوونی شۆفیرەکەیەوە لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا، تووشی وەرگەڕان بووە و زیانێکی زۆری بەر کەوتووە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییەکی سەڵماسی بەناوی \"سەمەد جیهانگیری\" تەمەن ٣٥ ساڵ تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ، لەلایەن هیزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە گیانی لە ئەستێندرابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٩ هاووڵاتیی کورد لەنێو جاددەکاندا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دراونەتە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا ٥ کەسیان کوژراون و ٤ کەسی دیکەشیان بە توندی بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییەو بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.