دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

12:12 - 21 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)"، خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار و "ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور"، کوڕی عومەر، خەڵکی پیرانشار، پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەیان، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ٩٩، "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)"، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند و ڕەوانەی ئەو زیندانە کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٩٩، دادگای ئینقلابی پیرانشار ئەو هاووڵاتییەی بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرد.

دادگا، ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، پەسەندکراوی ١٣٩٩، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

حوکمی سەپاو دژی ئەو هاووڵاتییە، بە (تسلیم بە رأی) بۆ ٤٥ ڕۆژ زیندان، کەم کرابووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی پیرانشار، پێنج مانگ زیندانیی تەعزیریی بە سەردا سەپابوو.

حوکمی ئەو هاووڵاتییە بە (تسلیم بە رأی)، بۆ ٣ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی کەم کرابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی لە زیندانی نەغەدە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.