دوو لاوی کورد لە شارەکانی دەڕەشار و پیرانشار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

12:08 - 6 جۆزەردان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزرەدان، لاوێک بە ناوی "محەممەد گەڕاڤەند" کوڕی "عەباسعەلی"، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "شێخماخۆ"ی شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، لە ڕێگای خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە دوو حەوتوو پێش بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "محەممەد گەڕاڤەند، وەرزشوانی زۆرانبازی بووە".

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە، لاوێک بە ناوی "حاسڵ ئاڵتوون" کوڕی "جەلال"، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، بەهۆی کێشەی خەمۆکییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە پیرانشارییە خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار بووە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، خۆی کوشتووە.