دوو لاوی خەڵكی سەقز بە تیرۆری زانا ناوەكییەكانی ئێران تۆمەتبار كران

13:58 - 16 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بەپێی راپۆرتی شەبەكەی یەكی تەلەفیزیۆنی ئێران، كۆمەڵێك دانپێدانان لەمەڕ تیرۆری زانا ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاو كرانەوە كە دوو لاوی سەقزیش لەم پێوەندیەدا تۆمەتبار كراون.

شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە رێكەوتی 15ی گەلاوێژ، كاناڵی یەكی تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران، دیكیۆمێنتێكی لەژێر ناوی \"مستند كلوپ ترور\"ی بڵاو كردەوە كە تێیدا دانپێدانانی كۆمەڵێكی بەرچاو لە لاوانی كورد و فارس، لە پێوەندی لەگەڵ هاوكاری و سیخوڕی كردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و هەروەها تیرۆری زانا ناوەكییەكانی ئێران، خرانە روو.

بەپێی هەمان دیكیۆمێنت دانپێدانانی دوو لاوی خەڵكی سەقز بە ناوەكانی\"بێهزاد عەبدولی و ئەیووب موسلیم\" بوو، كە زیاتر لە دوو مانگ و نیو پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە لەشاری سەقز دەستبەسەر كراون.

لە درێژەی دیكیۆمێنتەكەدا و لە بەشێك لەو دانپێدانانەدا بێهزاد عەبدولی باسی لەوە كرد كە گوایە سەرەتا لە هەرێمی كوردستان و دواتر لە وڵاتی ئیسرائیل دەورەی تیرۆر و سیخوڕیی بینیوە و پاشان بە مەبەستی تیرۆری زانا ناوەكییەكانی ئێران هاتوونەتە ئێران و ئەركە پێسپێردراوەكانیان بەڕێوە بردووە.

ناو بەناو هەواڵنێرە فەرمییەكانی ئێران هەواڵی گیرانی هاووڵاتییانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی بڵاو دەكەنەوە كە كە تاوانی هاوكاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، ئەمریكا و وڵاتانی دیكەیان دەدرێتە پاڵ.

رێكەوتی 23ی بانەمەڕی ئەمساڵ 13 كەس كە پێشتر بە تاوانی هاوكاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل گیرابوون، برانە دادگا و حوكمەكانیان پێ‌ راگەیەنرا.