دوو زیندانیی سیاسیی کورد حوکمی زیندان و ئێعدامیان بەسەردا سەپا

10:54 - 11 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بە ئێعدام و زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلی‌‌پوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان و "محەممەد ئوستادقادر" خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار، ئەو حوکمە بە بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "بغی" بە بەشداریی "عەلی ساکنی"، پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاویژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ قەرەنتینەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیڕان دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە کوردەیان بڵاوکردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.