دوو زیندانیی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی "گوهردشت" مانیان لە خواردن گرت

14:20 - 17 پووشپەڕ 2712
كوردپا: دوو زیندانی سیاسیی كورد لە ئەنجامی ئیعتراز بە ئیعدام و هەڵاواردن و هەروەها ساڵڕۆژی تیرۆر كردنی دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو مانیانیان لە خواردن گرت.

بەپێی هەواڵی\" چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران\"، رەزا شەریفی بۆكانی هاوڕێ‌ لەگەڵ زیندانییەكی دیكە رایانگەیاندووە، بە مەبەستی رێز گرتن لە 18‌ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شۆڕشی خوێندكاری و 22ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی تیرۆر كردنی سكرتێری پێشووی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە ئوتریش، مان لە خواردن دەگرین.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە كەلە حاڵی حازردا لە بەندی 4‌ی گرتووخانەی \"گوهردشت\"‌ی كەرەج دان هۆكارێكی دیكەی مان گرتنەكەیان گەڕاندۆتەوە بۆ ئیعتراز بە ئیعدام و ئەو هەڵاواردنانەی كە لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەكرێتە سەر هاووڵاتییان.

دوابەدوای ئەوەی كە ماوەی 2 مانگ لەمەوبەر رەزا شەریفی بۆكانی زیندانیی سیاسی لەناو زیندانەوە بە تەلەفۆن و لە بەرنامەی دەنگی ئەمریكادا پێوەندیی بە ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران گرت، زەخت و گوشارەكان بۆ سەر رەزا روویان لە زیاد بوون كرد.

رەزا شەریفی بۆكانی سەرجەم بە 3 ساڵ و نیو زیندان حوكم دراوە.