دوو دادوەری ئێرانی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە گەمارۆیان خرایە سەر
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، دوو دادوەری ئێرانیی بە پێشێلکردنی ماف لە ئێران و هاووڵاتییانی دوو ڕەگەزنامەیی مەحکووم و خستیانیە لیستی گەمارۆکانەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" و "محەممەد ناسر موقیسە"، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە خرانە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە لە کاتی دادگاییکردنی شانۆییدا، دادپەروەرییان بە لاڕێدا بردووە.
بەپێی ئەو گەمارۆیانە، تەواوی سامان و داراییەکانی ئەو دوو دادوەرە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و هیچ هاووڵاتییەکی ئامریکایی بۆی نییە لەگەڵ ئەوان بازرگانی بکات.
ئەو دوو دادوەرە ئێرانییە، بە تاوانی "زیندانیکردنی درێژماوە، لێدانی قامچی و تەنانەت حوکمی لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکانی سیاسی، ئەندامانی کەمەنەتەوەیی و ئاینییەکان بەهۆی دەربڕینی ئازادیی بەیان و کۆبوونەوە"، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
"موقیسە" بەرپرسی لقی ٢٨ و "سەڵەواتی" بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تارانن.
بەشێک لە گەمارۆکانی ئامریکا دژی ئێران تایبەت بە مافی مرۆڤە، بەتایبەتی سەرکوتی توندی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەگەڵ دژکردەوەی توندی وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپایی بەرەوڕوو بووەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە بەرپرسانی دادوەریی ئێران لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە و پێشتریش لە ساڵی ٩٦دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، "سادق لاریجانی"، بەرپرسی دەزگای دادوەری و "غوڵامڕەزا زیایی"، بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، تەحریم کرد.