دوایین بارودۆخی تەندروستیی دوو کۆڵبەری بریندار لە سنووری ورمێ

17:36 - 6 جۆزەردان 2720

"توران و ڕەدوان ئەحمەدی" کوڕانی "عەبدولخالق"، دوو کۆڵبەر کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، لە سنووری ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەسەختی برینداربوون، هەنووکە لە ناوەندی دەرمانی لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "توران ئەحمەدی" لە نەخۆشخانەی ئازەربایجانی ورمێ خەوێندراوە و "ڕەدوانـ"ـیش لە نەخۆشخانەی عارفیان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بارودۆخی گشتیی "توران ئەحمەدی" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لەلای زک و نێوقەدیەوە نالەبارە و باری تەندروستیی جێگیر نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بارودۆخی گشتیی "ڕەدوان ئەحمەدیـ"ـی کە لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان دەستی پێکرابوو، باش ڕاگەیاند.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری سۆما و برادۆستی ورمێ کردە ئامانج و بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرسەلان ئەحمەدی" کوڕی "حاکم" گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "توران و ڕەدوان ئەحمەدی" کوڕی "عەبدولخالق"، بەسەختی لەو ڕووداوەدا پێکران.

ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە، خەڵکی گوندی "کورانـ"ـی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێن.