دواکەوتنی پارەی ٥ مانگی کرێکارانی شارەداریی ئیلام

12:02 - 19 خەرمانان 2721

سەرەڕای گرانی و هەڵاوسانی شتومەک لە کوردستان، کرێکارانی شارەداریی ئیلام ماوەی ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش ژیانی ئەو کرێکارانەی تاڵ کردووە.

ئەو کرێکارانە کە کرێکاری خەدەماتی شارەدارین لەو بارەیەوە دەڵێن: "هەر جارە بەرپرسانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزاییە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، پارەکەی ئێمە دوا دەخەن و هەنووکە ماوەی ٥ مانگە پارەمان وەرنەگرتووە".

خالق مەنسووری، سەرپەرەستی شارەداریی ئیلام وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دواکەوتنی پارەی ٥ مانگەی کرێکارانی ئەو شارەدارییە ڕایگەیاندووە: "پارەی ئەو کرێکارانەی شارەدارییە کە لە ئەو شیرکەتانەی کە گرێبەستیان کردووە، ماوەی ٥ مانگە نەدراوە".

خالق مەنسووری هەروەها ڕایگەیاندووە: "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پارەی کرێکارانی خەدەماتی و فەزای سەوز بە شیرکەتەکان نەدراوە و بۆ دابینکردنی پارەی ئەو کرێکارانە، ٢٧ ملیۆن ڕیاڵمان پێویستە کە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ شارەداری قورسە".

بە وتەی سەرپەرەستی شارەداریی ئیلام، جیا لە دواکەوتنی پارەی ٥ مانگی ئەو کرێکارانە، تەنانەت هێندێک لەو کرێکارانە، پارەی چەند مانگی ساڵی ١٣٩٠یان پێ نەدراوە.

پێشتریش و لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا سەرەڕای دواکەوتنی پارەی سێ مانگی کرێکارانی شارەداریی ئیلام، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەو شارەدارییە ڕایگەیاندبوو: "دواکەوتنی پارەی ئەو کرێکارانە لە ئەستۆی شارەداری نییە و ئەوان لەگەڵ خاوەن شیرکەتەکان بەرەوڕوون".