دوابەدوای کوژرانی چەند ئەندامێکی سپای پاسداران لەبانە، ٢٤ کەس دەستبەسەر کران

13:47 - 22 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بە دانیشتوانی ناوچەی بانە،٢٤ کەس لەدانیشتوانی ئاوایی \"ساوان\"‌ی سەربە بانەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایان‌گواستوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠‌ی رەزبەر واتە رۆژێک دوای تێکهەڵچوونەکەی ناوچەی بانە، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران چوونەتە ئاوایی ساوان و دەستییان بە پشکنین ماڵەکان و ئازار و ئەزیەتی دانیشتوانی ئەو ئاواییە کردووە.

بەوتەی شایەتحاڵان، \"ئەو هێزانە وێڕای هەڕەشەی توند لەخەڵکی ساوان، مامۆستای ئاینیی، سێ‌ئەندامی شۆرای ئەو ئاواییە و هەروەها ٢٠ لاوی ئاوایەکەشیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیارییان راگواستوون\".

هەواڵنێری کوردپا لەشاری بانە لەزاری هاووڵاتییانەوە رایگەیاند، \"دوابەدوای ئەو رەش‌بگیرییە بەشێکی بەرچاو لەلاوەکانی ئاوایی ساوان لەترسی دەستبەسەرکردنیان، روویان لە چیاکان کردووە و شەوانەش لەوێ‌دەمێنەوە\".

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کردووە: \" هێزە ئەمنیەتییەکان لە تۆڵەی کوژران و بریندار بوونی ٧ ئەندامی سپای پاسداران لەناوچەی بانە، ئەو رەشبگیرییەیان دەست پێکردووە\".

هەر لەو پێوەندییەدا هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران رێکەوتی ٢١‌ی رەزبەر بۆ جارێکی دیکە چوونەتەوە ئاوایی ساوان و وێڕای دروست کردنی کەشێکی ئەمنیەتی، شووشە و پەنجەرەی بەشێک لەماڵەکانیشیان شکاندووە.

دەوتریت کە ئەو هێزانە چەند کەسی ئاواییەکەشیان داوەتە بەر لێدان و کوتان.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ناوی دەستبەسەرکراوەکانی ئاوایی ساوان بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٨‌ی رەزبەر لەئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەناوچەی بانە، حەوت ئەندامی گرووپی زەربەتی \"کۆخان(سپای بەیتولموقەدەس)\" لەنزیک گوندەکانی شوێ و ساوان، لەلایەن چەند چەکداری نەناسراوەوە کوژراو و بریندار کران.