درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە شاری مەریوان دژکردەوەی مەئموورانی هێزە حکوومەتییەکانی لێکەوتەوە

10:56 - 27 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شاری مەریوان لە هەمبەر بە گرانی بێنزین، لەگەڵ دژکردەی تووندی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، بەرەوڕوو بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییانی ناڕازی خەڵکی شاری مەریوان لە کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە لە کۆڕەپانی "مامۆستا قانع" (جیهاد) بەشداریان کرد کە هێزەکانی سپای پاسداران و مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان تەقەیان لە هاووڵاتییانی ئەو شارە کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە هاووڵاتییان، هاووڵاتییەکی ناڕازی کوژراوە و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو: هاووڵاتییانی بریندار بوو لە ترسی دەسبەسەر کردن و ئەمنییەتی گیانی خۆیان لە چوون بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بۆ چارەسەری پزیشکی خۆیان دەبوێرن.

ئەوە سەرچاوەیە هەورەها ەئوەشی خستەڕوو: ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەریوان هەنووکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە نیزامییەکان و سپای پاسداران دایە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هاووڵاتییانی ناڕازی  ئاگریان  لە بانکەکانی میللەت و میللیی لە گۆڕەپانی جیهاد بەرداوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتی نێردراوەکان بۆ ئاژانسی کوردپا، کۆبوونەوەی ناڕەزائەتی بەربڵاو لە شارەکانی سنە و بۆکان بەرێوەچوو، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکانی توندوتیژی لێکەوتەوە.

مەئموورانی حکوومەتی بۆ بڵاوپێکردنی هاووڵاتییان لە گازی فرمێسک‌ڕێژی ناستاندارد و گوللەی ساچمەیی کەڵکیان وەرگرتووە.

هەروەها مەئموورانی حکوومەتی لە چەکی کلاشینکۆف و کۆڵت بۆ تەقەی کردن لە هاووڵاتییانی ناڕازی کەڵکیان وەرگرتووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ڕایگەیاند: چەند بانکی ئەو شارە لە لایەن هاووڵاتییانی ناڕازی ئاگری تێبەردراوە و لە ئاستی شاری بۆکانیش حکوومەت نیزامییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوە، لە ئاماری کوژراو و بریندارەکانی سنە و بۆکان زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا، نییە.