داوای یارمەتیی بنەماڵەیەکی ئیلامی بۆ دابین کردنی شیری وشک بۆ منداڵەکانیان + وێنــە

22:46 - 27 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمیی شیری وشک لە ئوستانی ئیلام، کێشە و گرفتی بۆ بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام دروست کردووە.

بنەماڵە کوردێکی خەڵکی ئیلام بە مەبەستی دابین کردنی شیری وشک بۆ منداڵە ساواکانیان دەبێ مەودای ٦٠٠ کیلۆمیتریی شاری ئیسفەهان و تاران ببڕن و هاوکات بە نرخێکی زیاتر شیری پێویست بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

\"14719.jpg\"
شەهاب هۆشمەندی‌فەر،باوکی ئه و ٤ منداله
باوکی ئەو منداڵانە کە هاوسەرەکەی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە سکێک ٤ منداڵی بووە، رایگەیاندووە، بۆ دابین کردنی شیری وشک بۆ منداڵەکانی تووشی کێشەی جیددی بووەو هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی \"ئیسنا\" راپۆرتێکی لەسەر دۆخی نالەباری ئەو بنەماڵە کوردە بڵاو کردۆتەوە.

شەهاب هۆشمەندی‌فەر باوکی ئەو منداڵانە باسی لەوە کردووە، بۆ ١٠ رۆژ مانەوەی هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانە لە کاتی منداڵبووندا ، بڕی ١ میلیۆن و ٥٥٠ هەزار تمەن پارەی داوەتە نەخۆشخانە و هاوکات رایشیگەیاندووە، شیری وشک لە ئوستانی ئیلام بەهیچ شێوەیەک دەست ناکەوێت و پێویستە بۆ دابین کردنی شیری وشک سەردانی ئوستانەکانی ئیسفەهان و تاران بکەم کە ئەمەش لە خۆیدا تێچوویەکی بەرچاو بۆ هاتووچۆ کردن هەڵدەگرێت.

\"14720.jpg\"
کەمی یان نەبوونی شیری وشک لە ئوستانی ئیلام لە کاتێک دایە کە ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری ئیلام بە دژکردەوە بە راپۆرتێکی هەواڵدەریی \"ئیرنا\" لەمەڕ کەمیی شیری وشک رایگەیاندبوو، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشت، دەرمان و پەروەردەی پزیشکی\" چەند جار کۆبوونەوەمان بووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا قەیرانی کەمیی شیری وشک لەو ئوستانە چارەسەر دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە ئەو بنەماڵە ٦ کەسییە لە \"خانووی کرێ\"دا ژیان بەسەر دەبەن و باوکی ئەو منداڵانە داوای هاوکاری و یارمەتی لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووە.

لە نێوەراست مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"کوبیکی حەسەن\"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو بووە خاوەنی ٥ منداڵ، هاوکات باوکی ئەو منداڵانەش بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندبوو کە بۆ دابین کردنی پێداویستیی منداڵەکانی پێویستی بەهاوکاری و یارمەتیی خەڵک خێرخواز و رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان هەیە.