داوای یارمەتیی ئاژانسی کوردپا بۆ ئازادیی برایانی کوردپوور

16:42 - 21 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بەڕێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی دوو برای رۆژنامەنووسی کورد، بەپێی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵیان، ئەگەری مەحکووم کرانیان بە حوکمی قورس بەدوور لە چاوەروانی نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ خوسرەو و مەسعوود کوردپوور بە \"جلوبەرگی زیندان، دەستبەند و پاوەن\"ـەوە دادگایی کران و بەپێی ئەو پەروەندە سازییانەی کە بۆیان کراوە ئەگەری ئەوە هەیە کەلە لایەن دەزگای قەزاییەوە بەرەوڕووی حوکمی قورس ببنەوە.

رەوتی پەروەندە سازی بۆ برایانی کوردپوور:

دەگوترێت کە \"حیفازەت ئیتلاعاتی دەزگای قەزایی\" حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، دادبەریی پەروەندی برایانی کوردپوورە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \"حیفازەت ئیلاعاتی دەزگای قەزایی\" دادبەری(شاک)\"ی پەروەندەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە کوردەیەو لە پەروەندەیەکدا چەندین تۆمەتی وەک: \" رووماڵ کردنی هەواڵی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان، مەحکووم کرانی هاووڵاتییان لەلایەن دەزگای قەزاییەوە، هەوڵدان بۆ ئازاد کردنی زیندانیان بە هاوکاریی چەندین پارێزەر، کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بۆ بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان و زیندانیانی سیاسی\" دراوەتە پاڵ مەسعوود و خوسرەو کوردپوور و پەروەندەکەیان رادەستی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە.

\"14561.jpg\"
ساڵح نیکبەخت، عوسمان موزەیەن، عەباس جەماڵی و نێعمەت ئەحمەدی پارێزەر لە دادگاکان، بە تاوانی دانی زانیاری لەسەر پەروەندەی زیندانیانی ئەمنیەتی بە \"ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان\" لە پەروەندەی برایانی کوردپووردا وەک شەریکی تاوان لە قەڵەم دراون.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد \"ساڵح نیکبەخت، عوسمان موزەیەن، عەباس جەماڵی و نێعمەت ئەحمەدی پارێزەر لە دادگاکان، بە تاوانی دانی زانیاری لەسەر پەروەندەی زیندانیانی ئەمنیەتی بە \"ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان\" و هەروەها کەماڵ حوسینی یەکێک لە هاوکارانی ئاژانسی موکریان لە پەروەندەی برایانی کوردپووردا وەک شەریکی تاوان لە قەڵەم دراون.

ناردنی نایاسایی دوو رۆژنامەنووسی کورد بۆ دادگا/ پێرانەگەیشتن بە پەروەندەکەیان لە دادگای تایبەت بە راگەیاندن
برایانی کوردپوور بە لەبەر کردنی جلووبەرگی زیندان، پاوەن ودەستبەدندەوە رەوانەی دادگا کراون، ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە پارێزەرەکانیان بە پێی ئایین‌نامەی دادگاکان لەمەڕ ئەو هەڵسووکەوتە ناڕەزایەتی دەبببڕن، بەڵام ناڕەزایەتیی پارێزەرەکانیان لەلایەن دادوەرەوە هیچ بایەخێکی پێ نەدرا.

عوسمان موزەیەن یەکێک لە پارێزەرانی برایانی کوردپوور لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا باسی لە شێوەی ناردنی ئەو دوو برایەی بۆ دادگا کردووە و نوووسیەتی کە \"پێویست بوو ئەو دوو رۆژنامەنووسە لە دادگای تایبەت بە راگەیاندندا دادگایی بکرێن، بەڵام ئەو داواکارییانە لەلایەن دادگاوە هیچ بایەخیکی پێ نەدرا.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ دوای ٥ مانگ لە دەستبەسەرکرانی \'\'مەسعود و خوسرەو کوردپوور\'\' لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ، یەکەمین دانیشتنی دادگایی کرانیان لە دادگایی ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو، هاوکات دووەمین دانیشتنی دادگایی کردنەکەیان بۆ ٢ مانگی دیکە دوا خرا.

لەسەرەتای دانیشتنی ئەو دادگایەدا، دادوەر چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر بە برایانی کوردپوور راگەیاندرابوو، هاوکات بەرلە کۆتایی هاتنی وتەکانی دادوەر، پاڕێزەرانی پەروەندەکە، رەخنەیان لە نەشیاویی دادگا گرتبوو، هاوکات رایانگەیاندبوو کە پێویست بوو ئەو دوو رۆژنامەنووسە لە دادگای تایبەت بە کاروباری راگەیاندندا دادگایی بکرێن.

سووکایەتیی دادوەر بە بەرگری کردنی برایانی کوردپوور:

دەگوترێت کە مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لەکاتی بەرگری کردن لە خۆیان، لەلایەن دادوەرەوە سووکایەتی و گاڵتەیان پێ کراوە، بەڵام ئەو دوو رۆژنامەنووسە لە دادگادا درێژەیان بە بەرگری کردن لە خۆیان داوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، خوسرەو کوردپوور لە هەمبەر تۆمەتەکانی وەک: \" محاربە، افساد فی الارض، چالاکی تەبلیغی بەدژی نیزام، سووکایەتی کردن بەرێبەری نیزام و بڵاو کردنەوەی درۆ\" بەرگری لە خۆی کردووە و هاوکات بەپشت بەستن بە بەڵگە، پێداگری لەسەر هەواڵنێریی خۆی کردووەو رایگەیاندووە کە چالاکییەکانی لە \"ئاژانسی موکریان\"دا لە چوارچێوەی یاساکانی راگەیاندن و هاوکات لەسەر بنەمای راستییەکان و بەدوور لە چەواشەکاری بووەو هیچ مەبەستێکی تایبەتی و تاوانبارانەی نەبووە.

\"14562.jpg\"
کەماڵ حوسینی یەکێک لە هاوکارانی ئاژانسی موکریان لە پەروەندەی برایانی کوردپووردا وەک شەریکی تاوان لە قەڵەم دراون.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، مەسعوود کوردپوور لە بەرگری کردنەکەیدا بە پشت بەستن بە ئایەتێکی قورئان و هەروەها فەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، باسی لە ٢٢ ساڵ ئەرکی مامۆستایەتیی خۆی و ئەرکی ئینسانەکان لەمەڕ رێنوێنی کردن بەرەو چاکە کردووەو گوتوویەتی کە باس کردن لە کێشە هەنووکەییەکانی ئوستانی کوردستان هیچ تاوانێک نییە و لەگەڵ ئەوەشدا، بە باس کردن لە دۆخی دەستبەسەریی خۆی لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا، داوای بێبەری بوونی خۆی لە حوکمی دادگا کردبوو.

دادگا پاش گوێگرتن لە هەندێک بەرگری کردنی \" عوسمان موزەیەن و عەباس جەماڵی\" پارێزەری پەروەندەی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە، دژایەتیی خۆی لەگەڵ دانانی بارمتە بۆ ئازادیی کوردپوورەکان دەربڕی و دانیشتنی دووەمی دادگایی کردنی برایانی کوردپووری بۆ ٢ مانگی دیکە دوور خستەوە.

بەرگری کردنی پارێزەرەکان لە برایانی کوردپوور:

ئااژنسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەمەڕ ئەو پەروەندەیە، پەیوەندی بە \"عوسمان موزەیەن\"ەوە گرت، بەڵام ئەم پارێزەرە کوردە بەهۆی ئەوە کە پەروەندەکە لە حاڵی تاوتوێ کردن دایە و دانیشتنەکانی دادگای کۆتایی نەهاتووەو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاڵوگۆر لە پەروەندەکەیاندا پێک بێت، لەو پەیوەندییەدا لە دانی زانیاری خۆی بوارد.

\"14560.jpg\"
عوسمان موزەیەن یه کێک له پارێزه ‌‌‌ره کانی برایانی کورد پور
موزەیەن راشیگەیاند، پێوسیتە دادگا مافی ئازادیی را دەربڕین بۆ هاووڵاتییان بە فەرمی بناسێت و ریگری لە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان بکات.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، لە دانیشتنی دادهاتووی دادگادا هاوڕێ لەگەڵ \"عەباس جەماڵی\" تانە لە سەرجەم ئەو تۆمەتانە ئەدەین کە دراونەتە پاڵ برایانی کوردپوور، چونکە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین هیچ بەڵگەیەک بۆ سەماندنی ئەو تۆمەتانە بوونیان نییە.
ناوبراو لەو پەیوەندییەدا لە دانی هەرچەشنە زانیارییەکی دیکە خۆی بوارد.

لەلایەکی دیکەوە فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆتە هۆی ئەوە کە پارێزەری کوردپوورەکان لە دانی زانیاری و لێدوان بۆ میدیاکان خۆ ببوێرن.

زیادکردنی فشار بۆسەر بنەماڵە و کەسوکاری کوردپوورەکان:

فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆسەر بنەماڵە و کەسوکاری کووردپوورەکان بەردەوامە و بەوتەی کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە، هاوسەری خوسرەو کوردپوور هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمیر لێپرسینەوەی لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەو دوو پارێزەری کوردپوورەکان بەهۆی فشاری ‌هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە دانی زانیاری و و هەروەها لێدوان بۆ میدیاکان خۆ دەبوێرن.

ئەگەری بڕانەوەی حوکمی قورس بۆ برایانی کوردپوور:

بە لێکدانەوەیەکی گشتی سەبارەت بە ماوەی دەستبەسەریی برایانی کوردپوور لە ئیدارەی ئیتلاعات، دژایەتی لەگەڵ ئازاد کرانیان بە بارمتە، راگواستنیان بە دەستبەند و پاوەن و جلوبەرگی زیندانەوە بۆ دادگا، سووکایەتیی دادوەر بە برایانی کوردپوور لەکاتی بەرگری کردنداو پەروەندەسازیی بێ‌بنەما\"، ئەگەری ئەوە دەکرێ کە برایانی کوردپوور بەرەورووی حوکمی قورس ببنەوە.

داوای ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە رای گشتی، ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ پشتیوانی لە برایانی کوردپوور:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا داوا لە سەرجەم مرۆڤ دۆستان و چالاکانی رێگەی ئینسانییەت و مافی مرۆڤ، ناوەند و رێکخراوە سیاسییەکان بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردستان\" دەکات کە بۆ ئازادیی رۆژنامەنووسان بەتایبەت برایانی کوردپوور کە گیانیان لە مەترسی دایە، بەهەر شێوەیەکی مومکین کە دەکرێ، پشتیوانیی خۆیان رابگەیەنن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە ئەرکی خۆی دەزانێت، بەسەرنجدان بە چەندین ساڵ چالاکیی ماندوونەناسانە و کاری سەربەخۆی \"ئاژانسی هەواڵی موکریان\" و چالاکیی مەدەنیانەی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، خوازیاری ئازادی ئەو دوو رۆژنامەنووسە کوردەیەو هاوکات داوا دەکات کەلە دادگای تایبەت بە کاروباری راگەیاندندا دادگایی بکرێن.