داهاتی كانگای زێڕی تیكاب خەرجی ناوچەكانی دیكەی ئێران دەكرێت

21:28 - 20 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: داهاتی دووەمین كانگای زێڕی ئێران لەپێناو گەشە و لابردنی بێبەریی بوونی تیكاب خەرەج ناكرێت.

نوێنەری شارەكانی شاهیندژ و تیكاب لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، كەمتر لە سەدا 10‌ی داهاتی كانگای زێڕی \"ئاقدەڕە\" بەمەبەستی گەشە پێدان و یارمەتیی بە لابردنی بێبەری بوونی ئەو ناوچەیە خەرەج دەكرێت.

روحوڵڵا بەیگی وتیشی: پشكی تیكاب لەو كانگا زێڕە تەنیا دابین كردنی كار بۆ چەند كەسی خۆجێی بووە و بێجگە لەوە هیچ داهاتێكی ئەتۆ لەو كانگایەدا سەرفی خەڵكی شارستانی تیكاب ناكرێت.

ماڵپەڕی سایتی عەسری ئێران بڵاوی كردەوە، ئەو نوێنەرە خوازیاری بایەخ پێدانی زیاتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە بەو شارە بوو.

كانگای زێڕی ئاقدەڕە بە داهاتی 109 میلیارد تمەنی، لە پاش كانگای \"موتە\"ی ئیسفهان بە دووەمین كانگای زێڕ لە ئێران دێتە ئەژمار.

پێشتریش راگەیەنە ناوچەیەكان لە تیكابەوە بڵاویان كردبووە، لەحاڵی حازردا زیاتر لە 55 كارگە و كانگە سەرقاڵی چالاكین و ئەوەش خەسارێكی بەرچاوی بە ژینگەی ناوچەی تیكاب گەیاندووە.