داهاتووی ناڕوون لەبەردەم تووە فەرەنگی، بەرهەمی ستراتیژیكی كوردستان

15:09 - 17 بەفرانبار 2711
كوردپا: كارناسانی كشتوكاڵ هۆشدارییان داوە كە ئەگەر بێت و كەڵك وەرگرتن و چۆنەتیی وەبەرهێنانی تووە فەرەنگیی پارێزگای كوردستان هەر بە شێوازی پێشوو بێت و مەزراكان و شێوازی چاندن نوێ‌نەكرێنەوە و بە شێوەی میكانیزە و كەسەرەی ئەمڕۆی نەیەتە بەرهەم، لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرەو لەناو بوون دەچێت.

هەواڵنێریی فارس لە شاری سنە لە راپۆرتێكدا پڕژاوەتە سەر ئەم بابەتە و نووسیویە: دەوڵەت ساڵی 1388 بە خستنە رووی گەڵاڵەی دامەزرانی \"كانوونی تووەفەرەنگی كاڵانی ئێران\" بە ناوەندیی كوردستان هەوڵی دا بە رەچاو كردنی سیستم و شێوازی ئاكادیمی و میكانیزە یارمەتییەك بە سەنعەتی كردنی بەرهەمی تووە فەرەنگی بكات، بەڵام هەتا ئێستا كارێكی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە.

\"2274.jpg\"
پارێزگای كوردستان گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنەری تووە فەرەنگیی ئێرانە و ئەم بەرهەمە ستراتیژیكە لە 2 هەزار و 500 هێكتار و لە داوێنی دەشتە بە پیتەكان، كەناری رووبارەكان و لەبەر كانیی شارەكانی مەریوان، سنە و كامیاران لەلایەن زیاتر لە 14 هەزار وەرزێڕەوە بەرهەم دەهێنرێ‌.

دەگێڕنەوە، شەتڵی تووە فەرەهەگی یەكەم جار لە دەیەی 40ی هەتاوی، لەلایەن یەكێك شیخەكانی ناوچە لە توركیەوە هێنراوەتە شاری سەوڵاوە و پاش بڵاو بوونەوەی لەو كاتەوە هەتا ئێستا بەشێك لە زەوی و زارە بەپیتەكانی سێ‌شاری سنە و مەریوان كامیارانی گرتۆتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی جیهادی كەشاوەرزیی پارێزگای كوردستان ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار تون تووە فەرهەنگی لەو پارێزگایە دێتە بەرهەم كە بەهۆی نەبوونی كارگە و كەرتی وەبەرهێنانی سەنعەتی، بە شێوەی خاو كەڵكی لێوەردەگیرێ‌و رەوانەی بازاڕی شارە گەورەكانی ئێران و وڵاتانی دیكە دەكرێت.

\"2273.jpg\"

بەهۆی ناسكی و خێرا خراپ بوونی ئەم بەرهەمە بەشێكی لە كاتی گواستنەوە و بار كردن و بەهۆی دووری و خراپیی رێگاوبارنی گوندەكانی كوردستان بە زایە دەچێ‌.

بەرهەمهێنەرێكی تووە فەرەنگی لە كوردستان بە هەواڵدەریی فارسی وتووە: نوێ‌نەكردنەوەی مەزراكان و كەڵك وەرگرتن لە شێوازی سوننەتی یەكێكە لە بەربەستەكانی پەرە سەندنی تووە فەرەنگی لە پارێزگای كوردستان.

فەرهاد خوسرەوی، ئاماژەی بەوەش داوە زۆربەی وەرزێڕان یەك جۆر تووە فەرەنگیی بەكار دێنن كەلە یەك وەرزدا بەرهەم دەدات، لە حاڵێكدا دەتوانن بە كەڵك وەرگرتن لە جۆری شەتڵی \"هەمیشە بەر\" رێژە و ئاستی بەرهەمی خۆیان هەتا چەند بەرابەر زیاد بكەن.

هەرچەند ئێستا 9 جۆر شەتڵی بیانیی تووەفەرەگی لە كوردستان چێنراوە و لەناو جۆرەكانی \"یەك جار بەر\" و \"هەمیشە بەر\"دا وەرزێڕانی كوردستان جۆری شەتڵی یەك جار بەر بەكار دەهێنن كە گرفتی ئەم جۆرە بەرهەمە ئەوەیە كە تەنیا لە دوو مانگی بانەمەڕ و جۆزەرداندا بەرهەم دەدات لە حاڵێكدا جۆری شەتڵی هەمیشە بەری تووە فەرەنگی لە مانگی بانەمەڕەوە هەتا هەتا كۆتایی خەزەڵوەر بە شێوەی بەردەوام بەرهەم دەدات.

\"2275.jpg\"
خوسرەوەی ئاماژەی بەوەش داوە جۆری هەناردە كردن و بەستە بەندیی بەرهەمی تووە فەرەنگیش كاریگەریی لەسەر نرخی بازار دادەنێت، پێشتر لەناو سندووقی 10 هەتا 15 كیلیۆیدا رەوانەی بازار دەكرا كە لەناو باردا خێرا خراپ دەبوون، بەڵام ئێستا تووە فەرەنگیی ناوچەكانی دیكەی ئێران لەناو بەستەی 250 هەتا 300 گەرەمیدا رەوانەی بازاڕ دەكرێن و رەونەقی زیاتری هەیە، لە حاڵێكدا ئێستاش لە كوردستان هەر سندووق و بەستەی پلاستیكیی 3 كیلیۆیی بەكار دەهێنن كە ئەمەش یەكێكی تر لە كێشەكانیەتی.

بەهۆی تایبەتمەندیی و جۆری میوەی تووە فەرنگی خێرا خراپ دەبێت و دەبَی بە دەزگای پێشكەوتوو پلەی گەرماكەی دابەزێنرێ‌و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ‌ئەو جۆرە دەزگایانە بنرێتە ئیختیاری وەرزێران و بەرهەمهێنەرانی تووە فەرەنگی.

فەرهاد خوسرەوە راشیگەیاندووە: دەبێ‌بۆ پەرەدان بەم بەرهەمە گرینگە وەرزێڕان پەرەوەردە و راهێنانی پێویستیان فێر بكرێت، هەروەها میكانیزە كردن و وەلانانی شیوازی سونەتیش یەكێكی تر لە رێكارەكانی پەرە سەندنی هەتا وەك بەرهەمی ستراتیژیكی كوردستان بمێنێتەوە و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێ‌هەتا ببێتە هەلێك بۆ دابین كردنی كار.

وەرزێڕان و وەبەرهێنەرانی تووە فەرەنگی لە كوردستان لەو باوەڕە دان كە دەبێ‌دەوڵەت و بەتایبەت لایەنە پێوەندیارەكانی وەك: \"كۆمیسیۆنی كشتوكاڵ، ژووری بازرگانی و سەنایع و معادنی سنە و كانوونی تووە فەرەنگی كاڵانی ئێران\" بۆ پێشگیری لە دابەزینی ئاستی وەبەرهێنانی تووە فەرەنگی رێكاری پێویست بگرنە بەر و لەم بارەوە سیمینارێك رێك بخرێت.

وێنە : میهر = فارس