دادگای ئینقلابی کرماشان حوکمی ١٣ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەر دوو هاووڵاتی سەپاند

11:31 - 23 خاکەلێوه 2721

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "جەلال نامداری"، خەڵکی کرماشان و "سەعید خالیدی"، کوڕی ئەمین و خەڵکی گوندی "ساتیاری" سەر بە بەخشی باینگانی پاوە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، سەرجەم بە ١٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەو دوو هاووڵاتییە، بەپێی حوکمی دادگای سەرەتایی، جەلال نامداری بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان"، بە هاوکاریی و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

 هەروەها سەعید خالیدی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەوتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران"، بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

جەلال نامداری مانگی بەفرانباری ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە کرابوو. ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کرماشان ڕاگوێزرابوو.

هەروەها سەعید خالیدی مانگی ڕێبەندانی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشان ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

وێنە: سەعید خالیدی