دادگای ئینقلابی مەریوان حوکمی ٥ چالاکی خوێندکاریی ئەو شارەی راگەیاند

14:35 - 12 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان پاش ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ ٤ کەسی دیکە لە چالاکانی خوێندکاریی ئەو شارە دادگایی کرا، حوکمی ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠ی رەزبەر \"محەممەد کۆنەپۆشی\" چالاکی خوێندکاری کوردی خەڵکی مەریوان لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسیڕدراوی بە ماوەی ٥ ساڵ بۆ بڕایەوە.

داداگای ئینقلابی شاری مەریوان سێ چالاکی دیکەی خوێندکاریی کوردی ئەو شارەی بەناوەکانی \"دادود قەسیمی، سامان مەحموودی و خالید ئەحمەدی\" کە تۆمەتی پەیوەندی گرتن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان درابوویە پاڵ، بەبێ تاوان ناساند.

هاوکات \"سۆران دانیشوەر\" چالاکی خوێندکاری کورد کە بە تۆمەتی \"پەیوەندی گرتن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدانی دژی تەناهیی نەتوەیی\" دادگایی کرابوو، بە بێ تاوان ناسرا.

ئەو پێنج چالاکە کوردە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی رزبەری ئەمساڵ، بەبێ هەبوونی پارێزەر، لەلایەن لقی ١ی دادگای شاری مەریوانەوە دادگایی کران.

رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ \"داود قەسیمی\" کوڕی قادر، \"سامان مەحموودی\" کوڕی حوسێن، \"سۆران دانیشوەر\"، \"محەممەد کۆنەپۆشی\" کوڕی عەلی و خالید ئه‌حمه‌دی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بەشێوەی کاتی ئازاد کران.