دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرد

12:35 - 18 گەلاوێژ 2720

هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی "حەمید عەبدی" لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" ئەو حوکمە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە و ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" بەسەر ناوبراودا سەپاوە.

"حەمید عەبدی" بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

"هێرانا" لەو ڕاپۆرتەیدا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە "حەمید عەبدی" پایتزی ساڵی ٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ، پاش تەواو بوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، "حەمید عەبدی" مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە بەندی ١_٢ ئەو زیندانەدایە.

"حەمید عەبدی" تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندارە.