دادگای ئینقلابی خۆی 5 هاووڵاتیی خەڵكی ماکۆی بە 46 ساڵ زیندان مەحكووم كرد

16:45 - 2 جۆزەردان 2712
كوردپا: 5 هاووڵاتیی خەڵكی شاری ماکۆ لەلایەن لقی یەكەمی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرجەم بە 46 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مستەفا ئارمین كوڕی عومەر، وەلی بەلخكانلوو \"كەلە ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشكەنجەدا مردووە\" مووسا هاتفی كوڕی بەحری، سەعید درایت كوڕی ساڵح، عەلی مەرحەمەتی كوڕی نەبی، پێنج هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شاری ماكۆن كە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"خۆی\"ەوە حوكمی درێژخایەنی زیندان و دوورخستنەوە مەحكووم كراون.

وەلی بەلخكانلوو یەك لەو پێنج هاووڵاتییە گیراوە چەند رۆژ دوای دەستبەسەر كران و بەهۆی ئەشكەنجەی قورس لە ئیدارەی ئیتلاعات گیانی لەدەست دا. لە پێشەكیی حوكمی پەسندكراوی ئەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵكی ماكۆ كە بەدەستی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، بەهۆی كوژرانی وەلی بەلخكانلوو، ناوێك لە ناوبراو لە دادەنامەكەدا نەهاتووە هەتا ئەو حوكمەی پێ‌رابگەینرێت، بەڵام لە ناوئاخنی حوكمەدا ناوی گونجێنراوە.
\"4621.jpg\"
بەپێی هەمان حوكمی دادگای ئینقلابی شاری خۆی، مستەفا ئارمین و وەلی بەلخكانلوو خەڵكی ماكۆ سزای \"محاربە\" و 15 ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی بەرازجان، مووسا هاتفی خەڵكی گوندی \"ئەدغان\"ی سەر بە ماكۆ بە 7 ساڵ زیندانی تەعزیری، سەعید درایت، خەڵكی گوندی \"حسوشكی\"ی سەر بە ماكۆ بە 4 ساڵ زیندانی تەعزیری و عەلی مەرحەمەتی خەڵكی گوندی \"حەسار\" بە 4 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كراون.

هەواڵنێری كوردپا لە شاری \"خۆی\"یەوە لەم بارەوە و لەزاری سەرچاوەی ئاگادارەوە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، دوای ئەوەی كە ئەو پێنج هاووڵاتییە كوردە ساڵی پێشوو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كران، وەلی بەلخكانلوو لەژێر ئەشكەنجەدا لە ئیدارەی ئیتلاعات دەكوژرێت، بەڵام لەو كاتەوە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێك لەمەڕ كوژرانی ناوبراو بڵاو نەكراوەتەوە.