دادگای شاری سەقز سێ هاووڵاتیی کوردی بە ٩ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد

19:44 - 11 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقز سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە ٩ ساڵ زیندانی تەعزیریی مەحکووم کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقزەوە رایەگەیاند؛ کامیل شەریف‌زادە بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری، غەریب شەریف‌زادە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری و عیرفان مەجیدی بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرانەوە.

هەروەها رۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سەقز بەناوی \"سولێمان مەحموودی\" کە بە ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.