دادسەرای نیزامیی ورمێ لەگەل لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرجی دوو زیندانیی سیاسیی کورد دژایەتیی کرد

12:10 - 31 خاکەلێوه 2720

دادسەرای نیزامیی ورمێ داخوازیی لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرجی "فاروق شاروێرانی" و "ئەمیر پەیغامی"، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆی لە زیندانی کرمان ڕەت کردەوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە کوردە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا چەند ڕۆژ پێش هاتبوونە مورەخەسی و بۆ داخوازیی لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرج سەردانی دادسەرای نیزامیی شاری ورمێیان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "سەید ئیبراهیم حوسێنی دادوەری دۆسیەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە و شارام پەناهیان دادوەری جێبەجێکاری حوکمی دادسەرای نیزامیی ورمێ، لەگەڵ داخوازیی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە دژایەتییان کردووە و بەوانی ڕاگەیاندووە کە لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرج نایانگرێتەوە."

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەید ئیبراهیم حوسێنی بەو دوو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاندووە کە گرینگ نییە کە دەزگای دادوەری و ڕێبەری حکوومەتی ئێران چ بڕیارگەلێک لە پێش دەگرن، ئێمە لێرە بڕیار دەدەین و لەگەڵ لێخۆشبوون و ئازادیی بێمەرجی ئێوە ناڕازین".

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەری ساڵی ۹٨، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە هەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەتی زیندانی کرمان و گوشار خستنە سەر ئەو دوو زیندانییە کوردە، دەستیان دابووە مانگرتن.

ئەو  دوو زیندانییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٩٦، لەلایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێ، بە کۆ ٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە پارێزەرەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە،  "ئەمیر پەیغامی" بە ٤ ساڵ و "فاروق شاروێرانیـ"ـش بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون. دادگای نیزامیی ورمێ، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، "فاروق شاروێرانی"، خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە و هەروەها ئەمیر پەیغامی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەری ٩٨، بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە.