دادستانی شاری سنە: زیندانی ناوەندیی سنە زیاتر لە رێژەی دیاریكراو بەندكراوی تێدایە

15:19 - 15 بەفرانبار 2711
كوردپا: ئەكبەر جەوهەری، دادستانی دادگای ئینقلابی شاری سنە دوای سەردانی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە وتی: ئەو گرتووخانەیە زیاتر لە رێژەی دیاریكراو بەندكراوی تێدایە و لێپرسراوان دەبێ‌رێگا چارەی بۆ بدۆزنەوە.

هەواڵدەریی كورد پرێس بڵاوی كردەوە، جەوهەری لەو سەردانەدا چاوی بە بەندی زیندانیانی ئەمنیەتی (سیاسی)گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە كەوتووە و بەڵێنی پێڕاگەیشتن بە باردۆخی پێ‌داون.

دادستانی دادگای ئینقلابی شاری سنە لەو باوەڕە دایە، ئەو زیندانییانە لەبەر هۆكاری كەم بوونی شوێن بە مەبەستی فێركاری ناتوانن بە شێوەی پێویست بار بهێنرێن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری كوردپا لە سنە لەبارەی ئاماری زیندانیان و بەندەكانی ناو زیندانی ناوەندیی ئەو شارەوە رایگەیاند، ئەو گرتووخانەیە 9 بەندی لەخۆ گرتووە و سەرجەم 650 هەتا 750 بەندكراو لەوێدا رادەگیرێن.

تەنیا بەندی سیاسی ناو گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە 120 كەسی تێدا رادەگیرێ‌و ئەمە لە حاڵیك دایە كە ئەو بەندە هەڵگری60 زیندانیە و تەنیا60 تەختی خەویشی تێدایە.

بەندی سیاسی ئەو زیندانە بێجگە لەو كەسانەی كە بە تاوانی سیاسی دەستبەسەر كراون، تاونبارانی وەكوو دزی، مەسەلەی نامووسی، قاتڵ و مادە سڕكەرەكانیش لەوێدا رادەگیرێن.