داخرانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی، بووە هۆی بێکار بوونی ١٥ کرێکار

02:38 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: تاکە کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی پارێزگای ئیلام بەروڕووی داخرانی یەکجاری بۆوە.

بەپێی راپۆرتێک کە هەواڵدەریی حکوومەتیی \"مێهر\" بڵاوی کردۆتەوە، کارگەی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی \"چی‌ین\" لە شاری ئابدانان بە هۆی نەبوونی بۆدجەی پێویست بەرەوڕووی داخران بوویەوە و ١٥ کرێکاری ئەو کارگەیە چوونە ریزی بێکارانەوە.

بەرپرسی ئەو کارگەیە، لە سەرێ بوونی نرخی کەرسەی خاو بە هۆی وشک ساڵییەوە بە هۆکارێکی دیکەی داخرانی تاکە کارگەی بەرهەمهێنانی ئەو پاریزگایە دایە قەڵەم.

کارگەی \"چی‌ین\" ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی دامەزرا و ساڵانە بە شێوەی نێونجی ١٢٠٠ تۆن بەرهەمی شیرەمەنیی وەک: شیر، ماست و دۆ\"ی بەرهەم دەهێنا.

ئەو کارگەیە بە شێوەی راستەوخۆ سەرچاوەی داهاتی ١٥ کرێکار و بە شیوەی ناراستەو خۆ سەرچاوەی بژیوی ١٥٠ کەس بوو.

بەپێێ راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لەبەهاری ئەمساڵدا، پارێزگای ئیلام بە چوونەسەرێی رێژەی ٤،٣%ی رێژەی بێکاری بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە نێوان ٣١ پارێزگای وڵاتی ئێراندا زۆرترین رێژەی بێکاری لە خۆ گرتووە.