خەڵکی کوردستان بە هەشتەگ پشتیوانییان لە "زارای نیشتمان" کرد

12:30 - 25 پووشپەڕ 2720

پاش پێدانی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران بە "زارا محەممەدی"، خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی بە دانانی هەشتەگ ئەو حوکمەیان مەحکووم کرد و پشتیوانییان لەو چالاکە مەدەنییە کرد.

"زارا محەممەدی" چالاکی مەدەنی و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی کولتووری- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرەنجام بە ١٠ ساڵ حوکمی بەندکران مەحکووم کرا.

"زارا محەممەدی" لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا لە ئینستاگرام نووسیویەتی: "دە وەرن زمانی کوردی دیل بکەن، لەسێدارەی بدەن، دیلی بکەن، ئەوە منتان دیل کرد، زمانی کوردی چی لێ ئەکەن؟ بە شانازییەوە ئەڵێم ١٠ ساڵ پارێزەری زمانی دایکی بووم و تا کۆتایی ژیانم پارێزەری ئەم مافە نەتەوەییە ئەمێنمەوە، جا با زمانی دایکیی من تاوان بێت".

حوکمی بەندکرانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لەنێو خەڵکی کوردستان کاردانەوەی زۆری بەدواوە بوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دانانی هەشتەگی وەک: "زارای نیشتمان، زارا محەممەدی، زمانی کوردی" و... هتد، ئەو حوکمەیان مەحکووم کرد و پشتیوانییان لە "زارا محەممەدی" کرد.

"زارا محەممەدی" هەروەها لەسەر لاپەڕەی کەسیی خۆی لە پۆستێکی کاتیدا نووسیویەتی: "سیستم و دەسەڵاتی بەهێز لە دەستتاندایە، لە ١٠ ساڵ فێرکاریی زمانی دایکیی من ترسان؟ ١٠ ساڵ حوکمی بەندکران بۆ ١٠ ساڵ فێرکردنی زمانی کوردی؟ ئەمەیە دادپەروەریی سیستەمی فەشەڵ".

حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی "زارا محەممەدی" لەلایەن لقی یەکی دادگای شاری سنەوە بە دادوەریی "قازی سەعیدی" و بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ دژ بە تەناهیی نەتەوەیی وڵات دەرکراوە.