خەسارەتی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بێکاربوونی ٢٨٠ کرێکاری ڕستن و چنینی ڕاخەر

13:01 - 6 جۆزەردان 2720

بەرپرسی ئیدارەی ڕاخەر (فرش)، ڕێکخراوی سەنعەت و مەعدەنی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: "بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن تمەن خەسارەت لە بەشی ڕستن و چنینی ڕاخەر کەوتووە".

"جەواد وەقاری" لە وتووێژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" ڕایگەیاند: "بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، شایەتی داخرانی کارگەکانی ڕستن و چنینی ڕاخەرین لەم پاریزگایە کە بەپێی دوایین بەراوردکارییەکان، داخرانی کارگەکان ٣٠٠ ملیۆن تمەنی خەسارەتیان بەرکەوتووە".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: "لە ئێستادا تەنیا ٧ کارگە مۆڵەت پێدراو چالاکی دەکەن و لەو کارگەیانە نزیکەی ٢٨٠ کەس خەریکی کاری ڕستن و چنینی ڕاخەرن کە بەهۆی کۆرۆنا هەموویان بێکار بوون".

بە وتەی "جەواد وەقاری"، ساڵانە نزیکەی ٢٩٠ هەزار میتری چوارگۆشە ڕاخەر لە پارێزگای ورمێ دەچندرێت، هەنووکە بەهۆی گەمارۆکان، بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکان، کێشەی گومرۆک و هەتا دوایی، لە کێشە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی ڕاخەری پارێزگای ورمێ دێتە ئەژمار".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "زۆربەی ڕسێنەرەکانی پارێزگای ورمێ بە شێوەی ڕۆژمز کار دەکەن و خاوەنکارەکانیش هەوڵی بیمەکردنی ئەوان نادەن کە ئەمە بووەتە هۆی دوو بەرابەر بوونەوەی کێشە بۆ ڕسێنەران".