خۆکوژیی ٣ ژن و کچی کورد لە شارەکانی نەغەدە و کامیاران

17:08 - 25 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٢ کچ و ژنێکی کورد لە شارەکانی نەغەدە و کامیاران هەوڵی خۆکوژییان داوە کە ٢ کەسیان بەوهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا کچێک بەناوی \"سەرگوڵ حاتەمی\" خەڵکی گوندی \"مێرگەسار\"ی سەربە شاری کامیاران بە زەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت ئەو کچە بەهۆی فشاری بنەماڵەییەوە تووشی خەمۆکی بووە و لە ئەنجامدا و لە ماڵی خۆیاندا هەوڵی خۆکوژی داوە و بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لەلایەکی دیکەوەو لەماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا کچێکی دیکەی کورد بەناوی \"کوبرا ئەحمەدی\" خەڵکی شاری \"نەغەدە\" خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

بەوتەی کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە، بەهۆی ئەوە کە بنەماڵەی \"کوبرا\" رێگرییان لە شوو کردنی ناوبراو بە کوڕی دڵخوازی خۆی کردبوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەر ژنێک بەناوی \"بەهارە ئەسەدی\" دانیشتووی گەڕەکی \"فەرهەنگ سەرا\"ی شاری کامیاران بەهۆیەکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو ژنە ٩٠%ی جەستەی تووشی سووتان بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری کرماشان باردۆخی تەندرووستیی ئەو ژنە کوردەیان نالەبەر راگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٩ حەڵەتی خۆکوژییەکان لە رێگەی خۆهەڵواسین، ١٤ حاڵەتیش لە رێگەی خۆ سووتاندن و ٤ حاڵەتیشیان بە زەبری چەک و خۆ خنکاندن لە نێو ئاودا بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەوونی میدیای ئازاد و هەروەها نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردەواری، زۆربەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد پەردەپۆش دەکرێن و بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.