خۆکوژیی شۆفیر تاکسییەک لە شاری سەقز / ئاماری ٦ مانگەی خۆکوژی

15:43 - 1 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵەی سەقزی بە هۆکارێکی ناڕوون، لە ماڵەکەیدا هەوڵی خۆکوژی‌دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر شۆفیر تاکسییەکی خەڵکی گەڕەکی حەماڵاوای شاری سەقز بە ناسناوی \"فەرامەرزی\" بە هۆیەکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

\"15601.jpg\"
دەگوترێت کە ئەو شۆفیر تاکسییە خێزاندار بووەو لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە خۆ کووژیی ئەم هاووڵاتییەی شاری سەقز، ئاماری خۆکوژی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا، لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، گەیشتە ٧٦ کەس، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٣٣ کەسیان پیاو و ٤٣ کەسیشیان ژنان بوون.

\"15602.jpg\"
ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو بە شێویەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە، بە شێویەک کە تەنیا لەماوەی ئەو شەش مانگەدا ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هیناوە کە ١٥ کەسیان ژن و ١٢ کەسیان پیاو بوون کە بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

بوونی ئەو رێژەیە لە ئاماری خۆکووژیی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران لە کاتێک دایە کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی بە تایبەت خۆکوژیی ژنان بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە ئەگەر لەو پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بکرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

شەهێن محەممەدی ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، پێیوایە کە زیاد بوونی رێژەی خۆکوژی گەیشتۆتە ئاستێک کە لە ئێستادا وەک نەخۆشییەکی گشتگیر سەیر دەکرێت، بەم هۆیەوە تەنانەت هەواڵی خۆکوشتنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بن‌بڕ کردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت.

ئازەر تاهیرئابادی لەسەر ئەو باوەڕەیە؛ \"مادام کە سەرچاوەی یاسا دوگم و نەگۆڕ بێت، ناکرێ یاسایەکی دروست و ئوسوڵی دابرێژرێت، کەوابوو کاتێک کە شەریعەتی شیعە بەپشت بەستن بە سەرچاوەی بیر و باوەڕی خۆی یاسا دادەڕێژێت، لە پلەی یەکەمدا شەریعەتی شیعە و لە پلەی دووەمدا مرۆڤایەتی لەبەر چاو دەگریت\".