خۆپیشاندەکانی مەریوان چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

18:25 - 25 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چەند هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر گرانیی بێنزین، کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، چەندین هاووڵاتیی ناڕازی لە کۆبوونەوەی مانگرتن بە گرانیی بێنزین، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژران و بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی هاووڵاتییانی ناڕازی لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عوسمان نادری  و هاووڵاتییەکی دیکە کە هەتا ئێستا شوناسی ڕوون نەبووەتەوە، گیانیان لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هیوا نادری مێرمنداڵی تەمەن ١٣ ساڵان و شاهۆ وەلیدی و مێهران، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا بەسەختی بریندار بوون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بانکەکانی ئەنسار، میللی و سادرات لە شاری مەریوان و هەروەها پۆمپی بێنزینەکانی کاوە کۆنەپۆشی و خاوەری، لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگری تێبەردراوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لە برینداربوونی هاووڵاتییان دەکات و ڕایگەیاند: "ئەگەری زۆربوونی قوربانییان بوونی هەیە".