خۆسووتاندنی ٢ ژن لە سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ

16:50 - 29 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو ٢ ژنی کوردی خەڵکی ناوچەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بە هۆی کێشە خێزانییەوە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ ژنێک بەناوی \"دڵشاد ئیسماعیل‌زادە\" تەمەن ١٨ ساڵ، کچی \"حەمید\" و خەڵکی گوندی \"سەراوی بەردی زنجیر\" لە شاری جوانڕۆ، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە رێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی جەستەی تووشی سووتان بووەو بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی \"خومەینی\"ی شاری کرماشان کراوە.
پزیشکانی ئەو نەخۆشانەیە باری تەندرووستیی \"دڵشاد\"یان ناجێگیر راگەیەندووە.

لەلایەکی دیکەوەو لە هەمان رۆژدا ژنێک بەناوی \" سەرگوڵ خەندان\" کچی حەسەن و خەڵکی گوندی \"کانی رەش\"ی سەربە \"سەلاسی باوەجانی\" بەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بوو هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت کە سەرگول پاش ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی \"جەلال حەمیدی\" بە کێشە هاتووە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی کە دواتر لە ئەنجامی دروست بوونی کێشە لە نێوانیاندا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو کۆتایی بەژیانی خۆی هیناوە.

تەرمی سەرگوڵ رۆژی رابردوو لە گۆڕستانی گوندی \"کانی رەش\"ی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی ئەسپەردەی خاک کرا.