خۆسووتاندن گیانی ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵەی شنۆیی ستاند

13:33 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی شنۆ بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر ژنێک بەناوی \"کەوسەر جۆزان\" کچی مەناف و خەڵکی گوندی \"ئاڵیان\"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، بەهۆی کێشە لەگەڵ مێردەکەی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو و بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

\"15891.jpg\"
بەوتەی کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە، کەوسەر جوزانی تەمەن ١٨ ساڵ، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی١٠ی رەزبەر ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو و پاش پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، شەوی دووشەممەی رابردوو گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٨ ژن و کچی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

بوونی ئەم ئامارە لەحاڵێک دایە کە لەماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران بە ماڵپەڕە ناوچەییەکانیان راگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک هەواڵی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد رووماڵ نەکەن و ئەمەش وا دەکات زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژیی هاوولاتییان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.