خوێندکارێک بە هۆی دەرنەچوونی لە کۆنکوور کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا

15:27 - 7 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە هۆی دەرنەچوونی لە تاقیکردنەوەی سەرتاسەریی تێپەڕین بۆ قۆناغی زانکۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێش چەند ڕۆژ، لە گوندی \"سورنی\" لە بەخشی بێڵەواری کرماشان، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵە، بە هۆی دەرنەچوونی لە کۆنکووری سەراسەری، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شوناسی ئەو قوتابییە هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

دەوترێ، ئەو خوێندکارە تەمەن ١٧ ساڵە، حەزی لە بەشی پەرستاری بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە لەو بەشەدا دەرنەچووە، تووشی بێ‌هیوایی بووە.

هەموو ساڵێک بە هۆی زاڵ بوونی کەشێکی هەستیار و تەژی لە سترێس سەبارەت بە ئاکامی نمرەکانی کۆنکووری سەرتاسەری لە ئێران، و دیاری کردنی چارەنووسی ١٢ ساڵ خوێندن، ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابیان تووشی بێ‌هیوایی و خەمۆکی دەبن و بەداخوە زۆر جاریش هێندێک حاڵەتی دیکەی وەکوو خۆکوژی، بەدوای خۆیدا دێنی.

لەحاڵەتێکی دیکەشدا، هاوینی ئەمساڵ، گەنجێکی دیکە لە گوندی باتمان، سەر بە شاری کامیاران، بە هۆی دەرنەچوونی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سیستمی تاقیکردنەوەی تێپەڕین بەرەو قۆناغی زانکۆ \"کۆنکوور\"، لە زۆربەی نزیک بە تەواوی وڵاتان هەڵگیراوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەو دۆخە هەستیارە ڕۆحییە دەگەڕێننەوە کە بەسەر قوتابیاندا زاڵ دەبێت، و هەروەها ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی لەسەر ڕۆح و ڕەوانی قوتابی دایدەنێت.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی‌دا، ئەمە سێهەمین حاڵەتی خۆکوژییە کە لە دەوروبەری شاری کامیاران ڕوو دەدات.