خوڵبارین سەرجەم كوردستانی ئێرانی گرتەوە

15:46 - 2 جۆزەردان 2712
كوردپا: بەهۆی نزیكیی ناوچە كوردنشینەكانی كوردستانی ئێران بە وڵاتی عێراق كە ناوەندی تەپ و تۆز لە ناوچەكەیە، ژیانی هاووڵاتییانی لەگەڵ كێشە بەرەوڕوو كردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێكی نوێی خوڵبارین لە پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆتە هۆی داخرانی قوتابخانەكانی زۆربەی شار و گوندەكان.

رێكخراوی ژینگەپارێزی پارێزگای كوردستان ئەو كەش و هەوایەی بە مەترسیدار وەسف كردووە و راشیگەیاندووە، ئاستی خۆڵبارینەكە لە شاری سنە بە نیسبەت شارەكانی دیكە بەرچاوترە.

\"4618.jpg\"
سەرەڕای ئەوەی لەسەدا 95‌ی هۆكاری ئەو تەپ و تۆزانە پێوەندیی بە دەرەوەی وڵاتەوە هەیە و هەر ساڵە رێژەكەشی روو لە زیاد بوون دەكات، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە هیچ هەوڵێكی بۆ نەدراوە.

درووست كردنی هێندێ‌ بەنداو لە نزیك ئەو ئاوانەی كە دەڕژێنە خاكی عێراق و سووریەوە بۆتە هۆی ئەوەی كە زیاتر لە 2 میلیۆن هێكتار زەوی لە سنووری ئێران و عێراق ببێتە بیابان و ئەمەش یەك لە هۆكارەكانی زۆر بوونی رێژەی خۆڵبارینە.

لە حاڵی حازردا هاووڵاتییانی كورد كە پشكی هەرە زۆرییان لەو خۆڵبارینە وەبەر دەكەوێ‌ چاویان بڕیوێتە پایتەختی ئێران كە بە هاوكاری وڵاتانی دیكە رێگاچارەیەك بە مەبستی كەم كردنەوەی ئەو تەپ و تۆزانە دەست نیشان بكەن.

\"4617.jpg\"
ساڵی 1390 سێ‌ وڵاتی ئێران، عەرەبستان و عێراق لەم پێوەندییەدا و بە مەبەستی دیتنەوەی رێگاچارەیەك بۆ پێشگیری لەو خۆڵبارینە كە سەرچاوەكەی یەكێك لە بیابانەكانی نزیك سنووری عێراق، كوەیت و عەرەبستانە لەناو خاكی عێراق، كۆبوونەوەیەكیان ریچكخست و بڕیار درا كە بۆ پێشگیری 500 هێكتاری ئەو بیابانە بكرێتە لێڕەوار و دارستان كە دواتر وڵاتی عێراق بە بیانووی زۆریی بڕی تێچووی ئەو پڕۆژەیە پاشەكەشی كرد.

پێشتر لە سەردەمی حكوومەتی بەعسدا بۆ پێشگرتن لە هەستانی تەپ و تۆز بیابانە چۆڵەكانی عێراق قیر و ئاوپاشی دەكران، بەڵام ئێستا ئەم كارە ئەنجام نادرێت و بۆتە یەكێك لە گرفتە سروشتییەكانی ناوچەكە.