حەمید قوربانی خوازیاری دژکردەوەی جیهانی بەنیسبەت حوکمی ئێعدامی باوکی بوو

12:25 - 19 گەلاوێژ 2720

حەمید قوربانی، کوڕی حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی کورد؛ مەحکووم بە ئێعدام لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا، ڕوو لە خەڵکی ئێران و ئازادیخوازانی جیهان ڕایگەیاند؛ کە باوکی هیچ جۆرە تاوانێکی ئەنجام نەداوە.

ناوبراو دەڵێت: "بۆ ماوەی ٥ ساڵە، من و بنەماڵەکەم لە سۆزی باوکایەتی بێبەرین".

حەمید قوربانی هەروەها دەڵێت: "باوکی هیچ جۆرە تاوانێکی ئەنجام نەداوە و بەهۆی گوشارە ڕووحی و جیسمانییەکان ناچار بە دانپێنانی زۆرەملێ کراوە".

حەمید قوربانی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، ڕایگەیاندووە چەندین جار ئەو و  بنەماڵەکەی تووشی شۆک بوونه و ژیانیان لەو بارودۆخەدا، تاڵتر بووەتەوە.

قوربانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داوا لە خەڵکی ئێران، خەڵکی ئازادیخوازانی جیهان، کۆمیتەی دژی سزای لە سێدارەدان و ناوەندە دەوڵەتییەکان دەکات کە بەنیسبەت حوکمی نادادپەروەرانەی باوکی دژکردە نیشان بدەن.

حوکمی ئێعدامی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری کامیاران کراوە".

"حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ١٤ی ڕەزبەری ٩٨دا بە تۆمەتی "لێدانی فیزیکی و بریندارکردن بە چەک، بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست، هەوڵدان و یارمەتی بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و موحاکمە و سزادان، هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەست، دەستپێکی کوشتنی بەئەنقەست، جێگۆڕکێ بە ژمارەی پلاکی ماشین، دەستپێکی دزینی مرۆڤ و وەرگرتنی ماڵی دزراو" لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە موحاکمە کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سێ زیندانیی تەعزیزی، هەر کامەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆ سێ تاوانی هاوبەشی لە کوشتنی بەئەنقەست و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی" مەحکووم کرابوو.

هەروەها لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهۆی دەسبەسەرداگرتن بە سەر دوو ماشینی پژۆ ٤٠٥دا، بە دوو حوکمی شەلاقی تەعزیری هەر کام بە ڕێژەی ١٠٠ لێدان، بە تاوانی دانانی پلاکی ماشین بە دوو زیندانیی تەعزیری هەرکام بۆ ماوەی ١٥ مانگ ، بە تاوانی دەستپێکی دزینی مرۆڤ بە سزای ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، بەهۆی سێ تاوانی هەوڵدان و هاوکاری بۆ هەڵاتنی تاوانباران بە ٣ سزای زیندانی هەرکام بە ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کردبوو.

"حەیدەر قوربانی" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "بغی، هەڵگرتنی چەک دژ بە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی" موحاکمە کراوە و ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٨، بە فەرمی حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی  سنە پێ ڕاگەیەندراوە.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای کامیاران، پۆلیسی ئاگاهی و ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە ئەنجام دراوە.