حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکام بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا

11:09 - 26 خاکەلێوه 2721

حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی مەهاباد بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیونی لێخۆشبوون، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە.

مانگی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هێزی دادوەری، خوازیاری پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسیەکەی و بەڕێوەبردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بە دوور لە دزە و گوشاری مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعات بووە.

پێشتر دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری سپای پاسداران، حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکامی پشتڕاست کردبوو.

ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخووڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرابوو و ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادسەرای نیزامیی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.