حوکمی لەسێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد ڕەت کرایەوە

12:35 - 4 خەرمانان 2720

حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "سامان کەریمی" کوڕی "محەممەد ساڵح" خەڵکی شاری بانە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێران لە شاری قوم، ڕەت کرایەوە.

بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار، دیوانی باڵای ئێران بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی ڕەت کردەوە و دۆسیەی ناوبراوی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە، ڕەوانەی دادگای بەرایی کردەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە شوێنێک بە ناوی "تەپەی سلێمان بەگـ"ـی بانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی قەرارگای شارامفەڕ لە شاری سنە کرابوو.

"سامان کەریمی" پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی قەراگای شارامفەر، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دادگایی و ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە ئێعدام مەحکووم و ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە  لە بەندی پوویشی ١ی زیندانی ناوەندیی سنەدایە.